ئەربیل یەهود کێیە و بۆچی حەماس ئازادی نەکرد؟

سەدان ئاوارەی غەززە، بەهۆی داخرانی ڕێڕەوی نەتساریم نەیانتوانییوە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، لە بەرانبەردا ئیسرائیل ڕایگەیاند: تا ئەربیل یەهود ئازاد نەکرێت ڕێڕەوەکە ناکەینەوە. گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستنیش ئاماژە بەوە دەکەن، بارمتە ئیسرائیلییەکە لە دەستی ئەوان دایە و تەندروستی زۆر باشە و شەممەی داهاتوو ئازادی دەکەن.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دوێنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکە ئازاد کران، لە بەرانبەردا ئیسرائیل 200 زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد کرد.

بەڵام لە نوێترین پێشهاتدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، مەحموود باسل، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە ڕایگەیاند: دەیان و سەدان ئاوارەی غەززە چاوەڕێی کردنەوەی ڕێڕەوی نەتساریم دەکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە باکووری کەرتەکە.

هاوکات ئیسرائیلیشی بە هۆکاری پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کرد، ئیسرائیلیش ڕەتی کردەوە ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردبی و گوتی: "ناوی ئەربیل یەهود لە نێو لیستی گەڕی دووەمی ئازادکراوەکاندا بوو، بەڵام ئازاد نەکراوە، ئێمەش ئەو ڕێرەوە ناکەینەوە تاوەکوو ئازادی نەکەن". 

ماڵی ئەربیل یەهود

ئەربیل یەهود کێیە و لە کوێیە؟

ئەربیل یەهود، کچێکی جووە و لەدایکبووی ساڵی 1995ـە لە کۆمەڵگەی کیبۆتیس نییەر عوزە لە باشووری ئیسرائیل، وەک ڕێبەری فەلەکناسی لە کۆمەڵگەی تەکنەلۆجی 'گرووپ تێک' کاری کردووە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس، دەڵێت: ئەربیل بۆ سوپای ئیسرائیل کاری کردووە.

ئەربیل یەهود، دوو برای هەبوو بە ناوەکانی نیتاع و دولیف، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە هێرشێکی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر کۆمەڵەگەکەیان، خۆی بە بارمتە گیرا و هەردوو براکەشی کوژران.

ئەو بارمتە ئیسرائییلیە تا ئێستا ئازاد نەکراوە لە کاتێکدا بڕیار بوو دوێنێ ئازا بکرێت، هەر ئەمڕۆ چەکدارەکانی سەرایا قودس و لیواکانی ناسر سەڵاحەددین، لە ڕاگەیەندراوێکدا، پشتڕاستیان کردەوە کە ئەربیل یەهود لەلای ئەوانە و شەممەی داهاتوو ئازادی دەکەن. مێدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن: ڕەنگە شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێت.

لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: ''بڕیار بوو ئەربیل یەهودی لە نێو لیستی گەڕی دووەمی ئازادکراوەکاندا بێت، بەڵام ئازاد نەکراوە، ئێمەش ڕێرەوی نەتساریم ناکەینەوە تاوەکوو ئازادی نەکەن".