ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە عێراق مافەکانی مرۆڤ خراوەتە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسیەوە

ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی ڕایگەیاند، مافەکانی مرۆڤ لە عێراق خراونەتە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسیەوە.

ڕوانگەی مافی مرۆڤ لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق کرا بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی بەرانبەر بە ڕێککەوتنی سیاسی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکان هەموو کات لە مافەکانی مرۆڤ زیاتر بایەخیان پێ دەدرێت و تاک و کۆمەڵگەش تیایدا دەبنە قوربانی."

جەختیشی کردەوە، ڕای پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باریی کەسێتی وەرنەگیراوە، یاساکە دەبێتە هۆکارێک بۆ پاشەکشەکردنی مافی ئافرەتان و منداڵان.

هەموواری یاسای باری کەسێتی لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکەش کراوە و بەشێوەیەکی سەرەکیش لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پشتیوانیی لێ کرا.

هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی کە یاسای ژمارە 188ـی ساڵی 1959ـی عێراقییە، بەپێی هەمووارکردنەوەی یاساکە، ژنان لە مافەکانی دایکایەتی و کۆمەڵایەتی و خوێندن بێبەش دەکات و ژیانی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە.