شەپۆلێکی پەنابەران لە مەکسیکەوە بەرەو سنووری ئەمەریکا دەڕۆن

ژمارەیەکی زۆری  کۆچبەران کە زیاتر لە هەزار کۆچبەر دەبن، لە مەکسیکەوە بەرەو سنووری ئەمەریکا بەڕێ کەوتن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئاسایشی سنوورەکان توند دەکات و هیچ داواکارییەکی پێدانی مافی پەنابەری نادات. 

یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە خەڵکی ڤەنزوێلایە و ناوی ئەنیباڵ خۆسێ ئارڤێلۆیە و تەمەنی 37 ساڵە، دەڵێت: "بڕیارمان دا بچینە سەر سنوور و وەڵاممان دەدەنەوە، هێشتا هیوامان هەیە بەوەی دەتوانین بچینە ئەمەریکا."

عومەر ئەڤیلای تەمەن 25 ساڵ، کە خەڵکی ڤەنزوێلایە و لە شاری تاپاچولا کە دەکەوێتە سنووری گواتیمالا لە ویلایەتی چیاپاسی مەکسیک دەژیا گوتی: بڕیارم دا بڕۆم، چونکە "لە مەکسیک کار نییە."

ئەو هیوای وایە پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە بکات، کە پێش خۆی لەگەڵ منداڵەکەی بەرەو ئەمەریکا بەڕێ کەوتبوون و گەیشتووەتە شیکاگۆ. 

پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا دەستی کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی سەدان کۆچبەری نایاسایی، کۆشکی سپیش ​​شانازیی بەوەوە دەکرد کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ لە مێژووی ئەمەریکادا دەستی پێ کردووە.