هەزاران ئاوارەی باکووری کەرتی غەززە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم، هەزاران ئاوارەی فەڵەستینی گەڕانەوە بۆ باکووری کەرتی غەززە، هاوکات تیمەکانی 'ئەمبولانس' فریاکەوتن لە شەقامی ڕەشید بڵاو بوونەوە بۆ پێشوازیی لە ئاوارە گەڕاوەکان.
سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی ناوخۆی غەززە کە سەر بە حەماسە، ڕایانگەیاند، لە کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو ئاراستەی ڕێگەی شەقامی ڕەشید بەرووی ئاوارەکاندا کراوەتەوە.
سەبارەت بە جووڵەی ئۆتۆمبێل، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "دوای پشکنین ڕێگەیان دەدەن لە ڕێگەی سەڵاحەدینەوە بەرەو باکووری کەرتی غەززە بڕۆن."
سوپای ئیسرائیل، جەختی کردەوە "نزیکبوونەوە لە ناوچەی دەروازەی ڕەفەح و ناوچەی فیلادلفیا لە باشووری کەرتی غەززە قەدەغەیە."
سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لە بەشی ڕۆژئاوای بەرەی نەتساریم کشاندەوە بەمەبەستی ڕێگەدان بە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئاوارەبووی غەززە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.