شارەزایەکی کەشناسی: پێشبینی دەکەین سەرەتای مانگی دوو باران ببارێت

دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە مانگی 12وە بڕی باران لە ئاستێکی نزمدا بووە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەوەش بەهۆی ناچالاکیی دەریا و ئۆقینانووسەکانەوەیە.
گوتیشی: "لە 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی دوو، پێشبینی دەکەین چەند شەپۆلێکی باران ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، لە چوار مانگی داهاتوو پێشبینی دەکەین بارانی پێویست ببارێت و ناوچەکە لە مەترسیی وشکە ساڵی دوور بکەوێتەوە."
دەشڵێت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە سنووری ناوچەکانی گەرمیان بە گشتیی تۆمار کرا، ژمارەیان پێنج بوومەلەرزە بووە."
بوومەلەرزەی یەکەم لە کاتژمێر 3:14 خولەکی بەرەبەیان بووە بە گوڕی 3.4ـی ڕێختەر، لە قووڵای 15 کیلۆمەتر ڕووی داوە، چەقی بوومەلەرزەکە گوندی قوورەتوو بووە.
دووەمین بوومەلەرزە کاتژمێر 4:02 خولەکی بەرەبەیان بووە، بەگوڕی 4.8 پلەی ڕێختەر کە بەهێزترین بوومەلەرزەی ئەمڕۆ بووە، چەقەکەی لە نێوان مەرزی پەرویزخان و قەسری شیرین بووە، واتە سنووری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
سێیەمین بوومەلەرزە لە کاتژمێر 4:11 خولەک بە گوڕی 3 پلەی ڕێختەر ڕووی داوە لە چەقەکەی لە نێوان گوندی قۆرەتوو و گوندی سەنگەر بووە لە خۆرهەڵاتی کەلار.
چوارەم بوومەلەرزە لە کاتژمێر 4: 13 خولەک ڕووی داوە 2.8ـی ڕێختەر بووە، ناو گوندی قۆرەتوو بووە، چەقەکەشی لە خۆر هەڵاتی کەلار بووە.
کۆتا بوومەلەرزەش لە کاتژمێر 5:07 خولەکی بەیانی بەگوڕی 3.1 پلەی ڕێختەر بووە.
ئەو شارەزای کەشناسە دەڵێت: "هۆی ئەم بوومەلەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ چالاکی هەردوو پلێتی فارسی و عەرەبی، کە ساڵانە ئەم پلێتانە چالاک دەبن و لە هەرێمی کوردستان بوومەلەرزە ڕوو دەدات."
محەممەد کەمال، ڕاشیگەیاند، تا ئێستەش هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ڕوودانی بوومەلەرزەی بەهێز لە کوردستان.