بە سپۆنسەری دامەزراوەی کوردستان24 یەکەمین پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 بۆ یەکەمین جارە پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ  بە دروشمی "داهاتووی تەندروستیی ببینە" لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، د. ئەنەس هاوار، ڕێکخەری پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مێدیکۆ یەکەمین و گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستییە لە عێراق و کوردستان کە بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

ئەو دکتۆرە دەڵێت: "پێشانگەکە، بە دروشمی "داهاتووی تەندروستیی ببینە"، پێشانگەیەکی تەواو ئایندەییە سەرنج دەخەینە سەر بابەتە تەندروستییەکان، بۆ نموونە ڕۆڵی ڕۆبۆت لەبواری تەندروستیی و نەشتەرگەریی، هەروەها پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژە لە ڕێککەوتی 5ـی شوبات تاکو 8ـی شوباتی 2025، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، بەڕێوە دەچێت."

دەشڵێت: "زیاتر لە 150 کۆمپانیایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی تەندروستیی لە 20 وڵاتی جیاواز تێیدا بەشدارن؛ لەوانە، 30 کۆمپانیای دروستکەری دەرمانی هیندی، ئوردنی، تورکی، ئێرانی، ئیماراتی، ئەمەریکایی، هەنگاری، پورتوگالی، چینی و چەندان وڵاتی دیکە."

د. ئەنەس هاوار، ئاماژەی بەوەش دا "بۆ یەکەمین جار لە عێراق و کوردستان ڕۆبۆت لەو پێشانگەیە دەخرێتە ڕوو، کە ئەو ڕۆبۆتە دەتوانێت بتناسێت و گفتوگۆت لەگەڵ بکات، "AI"یەکی زۆر پێشکەوتووی تێدایە، هەروەها دەتوانێت وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت بداتەوە، یاخود نیشانەکانی نەخۆشییەکەتی پێ دەڵێیت و ئەو جۆری نەخۆشییەکەت دەستنیشان دەکات. زۆر بایەخ بە ژیریی دەستکرد دەدەین، بۆ ئەوەی نەخۆشێک لێرە چارەی نەخۆشییەکەی بکات نەک سەردانی ولاتێکی تر بکات."

د. ئەنەس هاوار ڕاشیگەیاند "هەردوو وەزیری تەندروستیی کوردستان و عێراق، نوێنەری کونسوڵخانەکان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتییەکان لەم پیشانگەیەدا ئامادە دەبن."