روونکردنەوەیەک لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەبارەی شەڕەکەی دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی
"ئەوەی روویدا هەڕەشەیە لەسەر سیستەمە سیاسییە دیموکراسییەکەی عێراق"

K24- بەغدا:
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان روونکردنەوەیەک لەبارەی شەڕەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی نێوان دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی بڵاودەکاتەوە و بەبێ ئەوەی ناوی حەشدی شەعبی بهێنێ، دەڵێ "ئەوانە هێزێکی لە یاسا دەرچوون".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لە بەیاننامەیەکی شەش خاڵیدا ئەمڕۆ (هەینی، 27-6-2020) چۆنییەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی 26/25 بەغدا و دروستبوونی پێشێوی لەگەڵ "گرووپێکی حەشدی شەعبی" ئاشکرا دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "بەهۆی گرنگیی ئەو بابەتە و رەنگدانەوەی خراپی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەو بابەتە لە بەرزترین لایەنەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، بۆیە بە ئامانجی دەرخستنی راستییەکان بۆ گەل و رای عێراقی، ئەوەتان بۆ رووندەکەینەوە کە لەو شەوەی مانگی حوزەیراندا، چی روویدا".
روونکردنەوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە، بەمشێوەیە:
1 - زانیاریی هەواڵگریی گرنگ هەبوو لەبارەی ئەو کەسانەی پێشتر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدایان چەند جارێک بەناڕاستەوخۆیی دەکردە ئامانج.
2 - دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان زانیارییان هەبوو لەبارەی نییەتێک بۆ بەئامانجکردنی حکومی لەنێو ناوچەی سەوز.
3 - لەڕێگەی هەواڵگرییەوە شوێنی ئەو گرووپە دیاریکرا، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگای عێراق و بەپێی یاسای دژەتیرۆر بۆ دەرچوو.
4 - دەزگای دژەتیرۆر راسپێردرا بە جێبەجێکردنی ئەرکی دەستگیرکردنەکە و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی کاری تیرۆرستی لە دژی دەوڵەت بەهۆی ئەوە کاری ئەوانە. ئەو لایەنە بەشێوەیەکی زۆر پرۆفیشناڵ ئەرکەکەی بەجێگەیاند و 14 تۆمەتباری دەستگیرکرد، کە هەموو ئەندامانی دوو گرووپ بوون، بە تەواوی کەرەستە تاوانکارییەکان کە خۆی لە دوو سەکۆی هەڵدان (ـی مووشەک) دەبینییەوە.
5 - دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتیی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامیێتیی دەزگا ئەمنییەکان پێکهات و، تۆمەتبارەکان لەلای دەزگا یەمنییەکان دەبن تاوەکو کەیسەکەیان لەلایەن دادگا یەکلایی دەکرێتەوە.
6 - دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە، لایەنی چەکدار بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و بەبێ رازیبوونی فەرمی بەرەو بارەگای حکومی لەنێو ناوچەی سەوز و دەرەوەی جوڵێنران، لەنێو ناوچەی سەوز لە یەکێک لە بارەگاکانی دژەتیرۆر نزیکبوونەوە و دوایی بەریەککەوتن روویدا، ئەو لایەنە نایەوێت ببێتە بەشێک لە دەوڵەت و ئەرکەکانی و هەوڵدەدات لەدەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بمینێتەوە کە دەستووری و یاساییە.
لە بەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی "لەکاتێکدا ئێمە جەخت لە ترسناکیی ئەو کارە دەکەینەوە، کە هەڕەشەیە لە ئاسایشی وڵات و سیستەمە سیاسییە دیموکراسییەکەی، دەریدەخەین ئەو لایەنانە توانای دەوڵەتیان بەکارهێنا، کە ناکرێت لەژێر هیچ بیانوویەک رێگە بەوە بدرێت".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەغدا چی روویدا؟
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دژەتیرۆر و هەواڵگیریی عێراق، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای سەرەکیی کاتئیب حزبوڵڵا کە گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبییە و ژمارەیکیان لێ دەستگیرکردن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز "سێ سەرکردە لەنێو دەستگیرکراوەکان بوون، کە یەکێکیان ئێرانییە".
لە بەرامبەردا، هێزێکی تایبەتی ئەبو ئەبوفداک محەمەداوی، سەرکردەی کەتائیب حزبوڵڵا، بە 300 چەکدارەوە، هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی دژەتیرۆر و دەستیان بەسەردا گرت.
لە شەقامەکانی بەغدا ئاڵۆزی زۆر دروست بوو و گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بە تەقەکردن و مانۆڕی ئۆتۆمبێلەکان بە شەقامەکان سووڕانەوە.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)