500 فەرمانبەر بۆ فەرمانگەکانى هەڵەبجە بە گرێبەست دادەمەزرێن

ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێکارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت؛ هاوكات، وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجوومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتى کراوە.
دووشهممه، 27ـی كانوونی دووهمی 2025، فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، ئەنجوومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێکارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕاگهیاندووه، ئەمەش لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتیيان.
فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوه كردووه، وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجوومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاريى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمى ناوبراوان لە لایەن ئەنجوومەنى راژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگاى هەڵەبجە دەکرێت بە مەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنمایيى ژمارە (10) ساڵى 2019.
فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕوونیشی كردووهتهوه، (48) کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەنديى گشتى، خاڵى تایبەتییان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستيى تایبەت) ژمارە (22)ـی ساڵى (2011)ـش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستيى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەر چوون.
هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستيى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپۆرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕيى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.