دیندار زێباری: 62 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکراون

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە 48ـەمین خولی پانۆرامای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی سویسرا ڕایگەیاند: 62 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 14 بەنداوی دروستکردووە کە توانای ئەمبارکردنی 80٫756 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.
دووشەممە، 27-01-2025، بە بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، 48ـەمین خولی پانۆرامای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو.
لەچوارچێوەی48ـەمین خولی پانۆرامای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ، دیندار زێباری وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە نەهێشتنی جیاكاری ڕەگەزپەرستی وبەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق لێبوونەوە کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی: 75%ـی ڕاسپاردەکان جێبەجێکراون وزیاتر لە 2100 پیاوی ئایینی ڕێزیان لێگیراوە بەرامبەر هاندانیان بۆ پتەوكردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە لە کۆمەڵگادا.
دیندار زێباری ئاشکرای کرد، 62 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون جگە لە دەستگیرکردنی 38 کەسی دیکە لە خاوەنی ڕەگەزنامەی جیاواز بە تۆمەتی کۆچی نایاسایی، زێباری گوتی: لە نیسانی 2024 ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سیاسەتی منداڵپارێزی پەسەند کرد، بە ئامانجی پاراستنی منداڵانە لە توندوتیژی و دەستدرێژی، دەشڵێت: حکوومەتی هەرێم ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان، لەم ڕووەوە (14) بەنداوی دروستکردووە، توانای ئەمبارکردنی بەنداوەکان (80٫756) ملیۆن مەتر سێجا ئاوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم ڕێنمایی بۆ دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بۆ ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئالوودەبووان و پێشکەشکردنی پشتگیری پێویست دەرکراوە، دەشڵێت: ئامارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانەکان گەیشتووەتە (5160) کەس، لەوانە سزادراو تۆمەتبارن.