دژوار فایەق: بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق بەئاشکرا گوتویانە دەمانەوێت پێشکەوتنەکانی هەرێم ڕاگرین

ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەت و نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، ڕاگەیاند: هۆی سەرەکی چارەنەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سیاسییە، زۆربەی دەسەڵاتدارانی عێراقی لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان لە بەغدا، بڕوایان بە سیستەمی دیموکراتی و فیدراڵی نییە. 

سێشەممە، 28کانوونی دووەمی 2025، دژوار فایەق، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: حکوومەتی عێراق دەستوور جێبەجێ ناکات، ئەوان دەیانەوێت عێراق بە سیستەمی مەرکەزی بەڕێوە ببەن. هەموو بڕیارەکان لە بەغداوە بدرێن، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و شەراکەتە و هۆی سەرەکیی چارەنەبوونی كێشەکانە؛ چونکە دەستوور بۆ هەموو ئەو کێشانە چارەی هەیە .

دژوار فایەق، گوتیشی: دەستڕۆیشتووەکانی بەغدا پابەندی دەستوور نابن، بەشێک لەوانە بە ئاشکرا گوتوویانە: بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان باشترە لە عێراق، بۆیە دەمانەوێت ڕاتانگرین، واتا بودجە و مووچەتان بۆ نانێرین." 

دژوار فایەق، باسی لەوەش کرد، کێشەکە لە عيراق سیستەمی حوکم و دەستوور نییە ، کێشەکە دەستێوەردانی دەرەکی و عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە ، کە بڕوایان بە دەستوور و شەراکەت نییە پەیڕەوی بیری مەرکەزی و دیکتاتۆریی زۆرینە دەکەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment