عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان تاک لایەنانە ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی کردووە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بی پی بەریتانی لە عێراق، ڕایگەیاند: سەرەتای مانگی داهاتوو ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت و، دەیانەوێت لە چوار کێڵگەی نەوتی سنووری کەرکووک بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ملیۆنێک بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز بکەنەوە.

سەرەتای مانگی داهاتوو حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ بەرهەمهینان و بەرێوەبردنی چوار کێڵگەی نەوتی لە کەرکووک ئەنجام دەدەن، کە بریتین لە؛ کێڵگەکانی هاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەبازە، بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و بی پی، بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک لە 300 هەزار بەرمیل نەوتەوە بۆ ملیۆنێک بەرمیل نەوتی ڕۆژانە زیاد دەکەن.

زەید یاسەری، بەرێوبەری کۆمپانیای بی پی بەریتانی لە عیراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق یاداشتنامەی لێکتێگەشتنمان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک واژۆ کردووە، ڕێککەوتنەکە کێڵگەکانی هاڤانا، بای حەسەن، جەمبەر و خەبازە دەگرێتەوە و کۆمپانیاکەمان بەرهەمهێنان لە نەوت و غازی ناوچەکە دەکات، پشتیوان بە خودا سەرەتای مانگی 2 رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت. 

حکوومەتی عیراق لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بەبێ گەرانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی كوردستان لێکتێگشتنی هاوبەشی لە نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بی پی واژۆ کرد، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بی پی بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوتە لەسەرتاسەری عیراق نەک تەنیا کەرکووکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment