ئەڵمانیا شارەزایانی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەنێرێتە دەروازەی ڕەفەح

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، حکوومەتی ئەڵمانیا بەنیازە شارەزایانی بەڕێوەبردنی سنوورەکان ڕەوانەی دەروازەی ڕەفەح لە نێوان میسر و کەرتی غەززە بکات.

چەند سەرچاوەیەکی حکوومەتی ئەڵمانیا بە ئاژانسەکەیان گوتووە، حکوومەت بەنیازە شارەزایانی بەڕێوەبردنی سنوورەکان ڕەوانەی دەروازەی ڕەفەح بکات، ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەرلین بەنیازە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران هەموار بکاتەوە کە لە ساڵی 2005ەوە دەرچووە، کە بریتییە لە ڕێگەدان بە ناردنی کەسانی بێ چەک بۆ دەرەوەی وڵات.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی حکوومەتی ئەلمانیا، هەموارکردنەوەکە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی هێزی چەکدار دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئەمنییەی مەترسی بۆسەر ئەو کەسانەی بێ چەکن دادەنرێت.

ئەم بڵاوکردنەوەیە، ڕەنگە بەشێک بێت لە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ هاوکاری کردنی سنوورییەکان لە دەروازەی ڕەفەح، کە بڕیارە دوای ساڵانێک لە وەستان، دەست بە کارەکانی بکاتەوە.

ئەم ئەرکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2005 دامەزرا بۆ هاریکاریی لە کۆنترۆڵکردنی دەروازەکە، بەڵام لە ساڵی 2007دا دوای ئەوەی حەماس کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکرد، کارەکانی ڕاگرت، چونکە یەکێتی ئەوروپا ڕەتیکردەوە هاوکاری بزووتنەوەی حەماس بکات.

لە قۆناغی یەکەمدا ژمارەیەکی دیاریکراو لە شارەزایانی سنووری ئەورووپا و ستافی پشتیوانی بۆ سەرپەرشتیکردنی پشکنینی سنوورەکان، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە جێگیر دەکرێن.

دووبارە کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دێت، کە ئامانج لێی ئەوەیە بڕێکی زۆر هاوکاریی مرۆیی بگاتە غەززە.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەرەنسا یەکەم سێ وڵاتی ئەوروپی دەبن کە ئەندامەکانیان ڕەوانەی دەروازەی ڕەفەح دەکەن.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پشتیوانی خۆی بۆ بلاوکردنەوە و جێگیرکردنی هێزەکان پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە نیشانەیەکی گرنگە بۆ پابەندبوونی ئەورووپا بە بەرپرسیارێتی جیهانی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment