ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ وەستاندنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا

وێڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بە ئامانجی وەستاندنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام مۆسکۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری خاکی ئۆکرانیا لە پێشڕەویدایە و هێزەکانی کیێڤیش بە ڕێگەی جیاجیا خاکی ڕووسیا بەئامانج دەگرن.

 لای خۆیەوە پەرلەمانتارێکی ڕووسیا دەڵێت: "هیوا خوازە، هەرچی زووە دەست لە کوشتنی یەکتر هەڵبگرن و بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ."

بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، جگە لە میسر و ئیسرائیل یارمەتیەکانییان بۆ وڵاتانی دیکە بۆ ماوەی 90  ڕۆژ ڕادەگیرێت، ئۆکرانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین هاوکاریی و کۆمەکی سەربازی لە واشنتنەوە پێ دەگات، هەربۆیە هەڵپەساردنی هاوکارییەکان بۆ کیێڤ، کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر جەنگەکە درووست دەکات.

یارەسلاڤ نیلۆڤ، ئەندامی پەرلەمانی ڕووسیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆنالد ترەمپ زۆر لە سەرکردەی کۆچکردووی ڕووسیا ژیرینۆڤسکی دەچێت، بەوپێیەی پڕ وزە و جوڵەیە، داهێنەرە، پێشبینی نەکراوە، هاوکات زۆر کردەیی لە خەمی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیدایە، ئێستا زۆر بەباشی لە ماوەیەکی کەمدا چاکسازی لەناوخۆدا دەکات، ئەوەی ترەمپ پێشنیازی کردووە بنەمایە تاکوو هەندێک پرۆسە بکەونە سەر ڕێڕەوی خۆیان.، هیوادارم لە داهاتوودا باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا ببینین، بەڵام ئەو پرسە گرنگانە لە دەسەڵاتی سەرۆک ڤڵادیمیر پوتیندایە. هیواخوازم هەرچی زووە بگەینە ئەنجامێک کە مردنی خەڵکی ڕووسیا و ئۆکرانیا بگرێت، وەک ڤلادمێر پوتین ئاماژەی پێدا، ئێمە بۆ دانوستان و گفتوگۆ ئامادەین."

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای لە ڤڵادیمێر پوتین كرد شەڕ لەگەڵ ئۆكرانیا ڕابگرێت، ئەگەر نا سزا ئابووریەكانی سەر ڕووسیا زیاتر دەكات.

بەشێک لە پسپۆڕان ڕایان وایە، سیاسەتی ئەمەریكا بەرانبەر ھەر یەك لە ڕووسیا و ئۆكرانیا، فشارخستنە سەر ھەردوولایانە بۆ ئەوەی زووتر ناچاریان بكەن بەیەكەوە بگەنە ئاگربەست و دانوستان، بەڵام لە مۆسکۆ خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ ئەم بابەتە هەیە.

باریس مێژوێیڤ، مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی مۆسکۆی حکوومی، بە کوردستان24ـی گوت: "پلانەکە زەحمەتە جێبەجێ بکرێت و کەس باوەڕ بەمە ناکات، بۆ جێبەجێ کردنیان دەبێت یان پێشنیازی سەرنجڕاکێش بخرێتە بەردەم ڕووسیا، یا دەبێت فشاری زیاتری لێ بکرێت، فشار لە ڕێگەی ئابڵوقەی زیاتری ئابووری، یانیش بە درێژەدان بە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەکرێت، هیچکام لەم ڕێگایانە سوودی ئەوتۆیان نییە، چونکە هەموو گەمارۆیەکیان خستۆتە سەرمان، هەرچی بژاردەی سەربازیشە مەگەر خۆیان وەک وڵاتی سێیەم بێنە نێو جەنگەکە، ئەمەش سەر بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی دەکێشێت و ترەمپ دەخوازێت ئەمەریکا لەم شەڕە بەدوور بگرێت، پێشنیازی سەرەنجڕاکێش بریتییە لە هاوپەیمانی دژی چین، سەرۆکایەتی ڕووسیا بەمەش قایل نابێت، بۆیە تاکە ڕێگە داننانە بەو ناوچانەی ڕووسیا تا ئێستا ڕزگاری کردوون و دواتر قسە لەسەر کەرتبوونی ئۆکرانیا بکرێت، لەم بارەدا ڕووسیا و ئەمەریکا دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن".

نزیکەی سێ ساڵە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتر لە پێشڕەویدایە. ئۆکرانیاش لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەکانەوە لە بەئامانج گرتن و زیان گەیاندن بە قوڵایی خاکی ڕووسیا بەردەوامە، لە لایەکی دیکەشەوە هەڕەشە و بڕیارەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی هەنگاوێکی ئەرێینین بە ئامانجی ئاگربەست و دەست پێ کردنی گفتوگۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ چارە کردنی کێشەکانیان.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment