گەندەڵی، بێکاری و پیسبوونی ژینگە تەنگی بە دانیشتووانی بەسرە هەڵچنیوە

ژمارەی دانیشتووانی بەسرە زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە، دەوڵەمەترین شاری عێراقە و یەکێکە لەو پارێزگایانەی بە نەوت دەوڵەمەندە، بەڵام جگە لە گەندەڵی و هەژاری و بێکاری، ئێستا پیسبوونی ژینگە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ئەو شارە.
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی بەسرە دەڵێت، پارێزگای بەسڕە بەهۆی پیسبوونی ژینگە و خاک و ئاو و هەواکەی، بە یەكێك لە سێ ناوچە ھەرە وێرانەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دادەنرێت.
ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو پارەیەی لە بودجەی 2025 بۆ پارێزگاكە تەرخان كراوە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی نییە، بەتایبەتی كە بەبیابانبوون بەردەوامە.
مەهدی تەمیمی ڕوونیشیكردەوە، بەهۆی خراپیی ژینگەوە لە پارێزگاكە شێرپەنجە، لەكاركەوتنی گورچیلە، نەخۆشییەكانی پێست و كۆئەندامی ھەناسە پەرەیان سەندووە و ئاستی مەترسی تەندروستی بۆ 100% بەرزبووەتەوە.
بودجەی سێ ساڵەی عێراق بۆ هەر ساڵێك نزیكەی 200 ترلیۆن دینار تەرخان كراوە، كەچی هێشتا عێراقییەكان بەتایبەتی دانیشتووانی بەسرە، بە دەست لاوازی ژێرخانی وڵاتەكەیان و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و چاودێریی تەندروستییەوە دەناڵێنن.
پارێزگای بەسرە تووشی گۆڕانێکی گەورەی ژینگەیی بووە، دیارترین مەترسییەکانیشی سووتانی گازەکانی دەرهێنانی نەوت و پیسبوونی ئاوی شەتولعەرەب و پاشماوەی جەنگەکانن، كە بەھۆیانەوە ساڵانە نزیكەی 10 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە پارێزگاکەدا تۆمار دەکرێن.