دوای ڕووخانی ئەسەد، 21 گۆڕی بە کۆمەڵ لە سووریا دۆزراونەتەوە

بەرگریی شارستانیی سووریا بەردەوامە لە دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی ڕژێمی ئەسەد و تاوەکوو ئێستە 21 گۆڕی بەکۆمەڵ لە پارێزگا جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دۆزراونەتەوە.

ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕووخا، بەڵام سڕینەوەی یادەوەری و کاریگەرییەکانی لەسەر گەلانی ئەو وڵاتە چەند دەیەیەکی پێویستە. یەکێکە لەو شێوازانەی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد لە 50 ساڵی ڕابردوودا بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانیان پشتیان پێ دەبەست، کوشتن و شاردنەوەیان بوو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.

 نزیکەی دوو مانگ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تێ دەپەڕێت، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سووریا بەردەوامن لە دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ؛ نوێترین دۆزینەوەش، هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ بوو لە سنووری دیمەشق کە نزیکەی 80 ڕوفاتی تێدا بوو.

بە گوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی سووریا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، 21 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و سەدان ڕوفاتی سووری و کەسانی بیانییان تێدا بووە. زۆرینەی ڕوفاتەکانیش ناسنامەیان دیاری نەکراوە. بەشێکی زۆر لە ڕوفاتەکان قوربانیی زیندانە تاریەکانی هاوشێوەی سیدانایان.

نەخشەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سووریا بە گوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بوون:

- گۆڕە بەکۆەمەڵەکانی پارێزگای دیمەشق.

- گۆڕی بەکۆمەڵی شاری قوتێفە بە دووری 70 کیلۆمەتر لە باکووری دیمەشق.

-  گۆڕی بەکۆمەڵی مەعزەمیە شام، بەدووری 30 کیلۆمەتر لە باشووری دیمەشق.

-  گۆڕی بەکۆمەڵی 'حەی قابوون' لە نزیکی ناوەندی دیمەشق.

- گۆڕی بەکۆمەڵی هۆڵی کۆنگرەکان لە نزیک ناوەندی دیمەشق.

- گۆڕی بەکۆمەڵی "جسری بەغداد" لە باشووری دیمەشق.

هەرچی پەیوەستە بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی پارێزگای دەرعا، گۆڕی بەکۆمەڵی شاری سونێمین لە باکووری دەرعا، گۆڕی بەکۆمەڵی شاری ئیزرەع، گۆڕی بەکۆمەڵی کێڵگەی کوێتی لە دەوروبەری پارێزگای دەرعا.

لە پارێزگای حەلەبیش تا ئێستا ڕووفاتی نزیکەی 400 کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان تەنها لە پارێزگای حەلەب حەوت هەزار ڕوفات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.

پارێزگای حومسیش بێبەش نەبووە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی سووریا، گۆڕی بەکۆمەڵەی "قەرییە قەبو" لەو پارێزگای دۆرزاوەتەوە و دەیان کەسی تێدا بوو.

بەرگری شارستانیی سووریا هێشتا بڕوایە وایە دەیان هەزار کەسی دیکە لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دیاریکردنی ناسنامەکانیان.