کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان خێراتر دەکرێت

تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لەشاری هەولێر، ڕۆژانە بەشێوەیەکی خێراتر سەگە بێلانەکان کۆ دەکەنەوە و دەیانبەنە پەناگەی هەولێر.
چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پەناگەی سەگەبێلانەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 23کانوونی دووەمی 2025، 13هەزار244 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و لە پەناگەی سەگە بێلانەکانی هەولێر، داڵدەدراون و ڕۆژانە پزیشکانی ڤێتێرنەری، نەشتەرگەری بۆ سەگەکان دەکەن.
حەسەن ئیسماعیل، گوتیشی: ئەم پەناگە بووەتە هۆکارێک بوو، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی گەستنی هاووڵاتییان لە لایەن سەگە بێلانەکانەوە. لە ساڵی 2023، 310 کەس لە لایەن سەگی بێلانەوە گەستراون، بەڵام ئەم ژمارەیە، لە ساڵی 2024دا بۆ 165 کەم بووەتەوە، واتا بە ڕێژەیی ٪47.
بەڕێوەبەری پەناگەی سەگە بێلانەکان، گوتیشی: ساڵێک و دوو مانگە دەست مان بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان کردووە، بەشێوەیەکی گشتیی ڕۆژانە 30 سەگ کۆ دەکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا دوو ئامێری دیکەمان بۆ کڕاوە، بۆیە کۆکردنەوەیان خێراتر دەکرێت و دەتوانین ڕۆژانە 90 سەگ کۆ بکەینەوە.