جەزائیر.. هۆشداریی لە خواردنی جێڵی 'تۆپی چاو' دەدرێت

پسپۆرانی بواری تەندروستی هۆشداریی لە خواردنی جێڵی 'تۆپی چاو' دەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو جێڵە لە ئێسکی ئاژەڵان دروست دەکرێت بە تایبەتی هی بەراز، بۆ تەندروستی زۆر خراپە.
چوارشەممە 29ـی پسپۆرانی بواری تەندروستی بۆ مێدیا عەرەبییەکانی پشتڕاستیان کردەوە، کە جێڵی 'تۆپی چاو' خواردنە دڵخوازەکەی منداڵان، ماددەی مەترسیدار لە پێکهاتەیدا بەکار هاتووە و لەوانە؛ ئێسکی ئاژەڵان، بە تایبەتی هی بەراز.
فرۆشتنی شیرینییەکە کە لە شێوەی تۆپی چاوە، لە جەزائیر کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال مێدیای وڵاتەکە بە دوای خۆیدا هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێکخراوی پاراستنی بەکاربەران ئاشکرای کرد، "ئەو شیرینییە لە ماددەی جەلاتینی دروست کراوە، ئەم مادەیەش لە ئێسک و پێستی ئاژەڵان دەرهێنراوە."
زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال مێدیا لە جەزائیر ڕەخنەی توندیان لەو بازرگانانە گرت کە ئەم جێڵی چاوە دەهێننە نێو وڵاتەکە و لە بازاڕ ساغی دەکەنەوە و هەروەها خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن لەوە حەپەساون کە چۆن مۆڵەت دراوە ئەم جۆرە شیرینییە بهێنرێتە وڵاتەکە.
لای خۆیەوە دکتۆر محەممەد کواش، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، بە مێدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاند: زانیاریم نییە کە ئەو جۆرە شیرینییە چۆن دەهێنرێتە وڵاتەکە، بەڵام ماددەی جەلاتینی تێدایە کە لە ئێسکی ئاژەڵان بە تایبەتی هی بەراز دروست دەکرێت و ئەمەش زۆر مەترسیدارە.
هاوکات ،داواشی لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بە زووترین کات ڕێگریی لە هێنان و فرۆشتنی ئەو شیرینییە بکەن.