سیسی: ڕاگواستنی گەلی فەڵەستین ستەمە و بەشداریی لەو پرۆسەیەدا ناکەین

عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆکی میسر
عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆکی میسر

سەرۆکی میسر ڕایگەیاند: هەرگیز ناتوانن سازش لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی میسر بەرانبەر پرسی فەڵەستین بکەن. گوتیشی: ڕاگواستنی گەلی فەڵەستین ستەمە و بەشداریی لەو پرۆسەدا ناکەین.

چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: میسر بڕیاری داوە لەگەڵ ترەمپ کاربکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەسەر بنەمای چارەی دوو دەوڵەتی  فەڵەستین و ئیسرائیل.

سەرۆکی میسر، ئاماژەی بەوە دا، ڕاگواستن و ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین ستەمێکی گەورەیە و ئێمە ناتوانین بەشداربین لەو پرۆسەیەدا.
سیسی گوتی: هەرگیز ناتوانین سازش لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی میسر بەرانبەر پرسی فەڵەستین بکەین.

ڕۆژی یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک نوێی ئەمەریکا، پلانێکی بۆ چۆڵکردنی غەززە پێشنیاز کرد و ڕایگەیاند "دەیەوێت میسر و ئوردن فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە لای خۆیان نیشتەجێ بکەن، وەک هەوڵێک بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە: غەززە شوێنێکی وێرانکراوە، دەکرێت ئەم هەنگاوە کاتی، یان درێژخایەن بێت.