هەڕەشەکانی ترەمپ کۆڵۆمبیای ناچار کرد کۆچبەرەکان وەرگرێتەوە

دوای هەڕەشەکانی ترەمپ، دوو کاروانی کۆچبەران بە فڕۆکەی سەربازیی لە ئەمەریکاوە گەیشتنە کۆڵۆمبیا و وڵاتەکەش ناچار بوو پێشوازییان لێ بکات.
زیاتر لە 200 کۆچبەر بە دوو فڕۆکەی سەربازیی لە ئەمەریکاوە گەیشتنە شاری بۆگوتای کۆڵۆمبیا و وڵاتەکەش ئامادەبوو وەریان بگرێتەوە و پێشوازییان لێ بکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی لێ کردن کە سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنێت.
گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، پێشوازیی لە کۆچبەرەکان کرد و پێیانی گوت: ئێوە ئێستا ئازادن و لە وڵاتێکدان کە زۆر خۆشتانی دەوێت.
لای خۆیەوە لویس گیلبرتۆ موریلۆ، وەزیری دەرەوەی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند، "هیچ کام لەو کۆڵۆمبییانەی ڕۆژی سێشەممە گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان، پێشینەی تاوانیان لە ئەمەریکا و کۆڵۆمبیادا نەبووە."
یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، ڕایگەیاند "دوو کاروانی کۆچبەران کە ژمارەیەک زۆر لە کەسانی تاوانباریان تێدایە، دەبووایە ڕادەستی کۆڵۆمبیا بکرێنەوە، بەڵام کۆڵۆمبیا ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکە کرد."
گوتیشی: فەرمانەکە لەلایەن گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیاوە دەرچووە، هەر چەندە ئەو سەرۆکە لای خەڵکەکەی زۆر خۆشەویست نییە.
هاوکات گوتی: باجی گومرگی بە ڕێژەی 25% لەسەر هەموو ئەو کاڵا کۆڵۆمبییانە دەسەپێنین کە دێنە نێو ئەمەریکا، هەروەها بە ڕێژەی 25% بۆ 50% باج و قەدەغەکردنی گەشت بەسەر بەرپرسان و حکوومەتی کۆڵۆمبیا دەسەپێنین.
ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە "سەپاندنی سزای بانکی و دارایی بەپێی یاسای ئابووریی مرۆیی نێودەوڵەتییە."