سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لێکتێگەیشتن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری بودجە هەیە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆتایی هات. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: سەرۆک وەزیران داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کردووە دەنگ لەسەر ئەو هەموارە بدەن کە ئێستا لە پەرلەمانە و تەنیا دەنگدانی ماوە تاوەکو دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەری بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ ئەندامانی پەرلەمانی ڕوونکردوەتەوە کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت زیانی ئابووری زۆری هەبووە و پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەماهەنگ بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیەی لە حکوومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان .
گوتیشی: بەپێی ئەو لێکتێگەشتنەی لەنیوان فراکسیۆنە کوردی و سوونی و شیعییەکان هەبوو نزیکەی 200 پەرلەمانتار لەگەڵ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتن و چاوەرێ دەکرێت ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەنگدان لەسەر هەموارەکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.