ڤیان دەخیل: حکوومەتی فیدراڵ بەرانبەر ئێزدییەکان کەمتەرخەمە

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی فیدراڵ بەرانبەر کەیسی ئێزدییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کەمتەرخەمە و خەمساردی کردووە، تا ئێستا تەنها بڕگەیەکیشی لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکردووە.
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: حکوومەتی فیدراڵ نایەوێت ئەو ڕێککەوتنەی نێوان خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2020 بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزایان کراوە، جێبەجێ بکات.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتی: حکوومەتی عێراقی کەمتەرخەمە لە پرسی دۆسیەی ئێزدییەکان و شنگال، دەشڵێت: ڕێککەوتنی شنگال هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆئەوەی کەمێک لە ئازاری خەڵکی شنگال کەم بکرێتەوە، بەڵام ئەوە پێنج ساڵ بەسەر ڕێککەوتنەکە تێپەڕی و هێشتا هیچ بڕگەیەکی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی عێراق 11 ساڵە هیچی بۆ هەموو ئەو کەمپانە لە هەولێر و دهۆک نەکردووە کە هەزاران ئاوارەی شنگال تیایاندا لەخۆگیراون، دەڵێت: سەرۆک بارزانی و پارتی وایان کرد ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال، هەرێمی کوردستان بە ماڵی خۆیان بزانن.