ئەمەریکا: پێویستە عەممان و قاهیرە پلانی جێگرەوەیان بۆ کێشەی پەنابەرانی غەززە هەبێت

گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ باکووری غەززە (وێنە: AFP)
گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ باکووری غەززە (وێنە: AFP)

نێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان ڕایگەیاند، ئەگەر ئوردن و میسر پێشوازیی لە پەنابەرانی غەززە نەکات، پێویستە پلانی جێگرەوەی هەبێت.

ئادەم بۆهلەر، نێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان ڕایگەیاند "ئەگەر  عەممان و قاهیرە، پلانی گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ سەر خاکەکەیان ڕەت بکەنەوە، پێویستە لەسەریان پلانێکی جێگرەوە بۆ چارە کردنی قەیرانی غەززە پێشکەش بکەن."

نێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە "سەرباری ئەوەی لەگەڵ ناردنی خەڵکی غەززەن بۆ ئوردن و میسر، بەڵام ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی بژاردەکانی دیکەشەوە بکەن."

ڕۆژی یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک نوێی ئەمەریکا، پلانێکی بۆ چۆڵکردنی غەززە پێشنیاز کرد و ڕایگەیاند "دەیەوێت میسر و ئوردن، فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە لای خۆیان نیشتەجێ بکەن، وەک هەوڵێک بۆ هێنانەدی ئاشتیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە: غەززە شوێنێکی وێرانکراوە، دەکرێت ئەم هەنگاوە کاتیی، یان درێژخایەن بێت.