ئیسرائیل 110 دیلی فەڵەستینی ئازاد کرد

سەرباری ئەوەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئازدکردنی دیلەکانی فەڵەستینی بەهۆی هەڵوێستێکی حەماس لە ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل لە ئەمڕۆدا ڕاگرت، دواتر بە هەوڵی نێوەندگیرەکان 110 دیلی فەڵەستینی لە بەندیخانەی عوفر لە کەناری ڕۆژئاوا ئازادکرد.
پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، 110 دیلی فەڵەستینی کە لەنێو دوو پاسدا بوون، بەندیخانەی عوفریان بە یارمەتی خاجی سووری نێودەوڵەتی لە کەناری ڕۆژئاوا بەجێهێشت و ئازاد بوون دوای ئەوەی ئیسرائیل دڵنیایی لە نێوەندگیرەکان وەرگرت کە حەماس بارمتەکان لە کەشێکی ئارامدا ئازاد دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڵوێستێکی نوێی لەبارەی ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین وەرگرت، چونکە لە دیمەنەکانی ئەمڕۆی ئازادکردنی بارمتەکاندا دەرکەوتبوو، حەماس شێوازێکی نا بەرپرسانە هەڵسوکەت لەگەڵ بارمتەکانی ئیسرائیل دەکات کە ترس و دڵەڕاوکێ دروستدەکات، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای دەکات، دیلەکانی فەڵەستین کە ئەمڕۆ ئازادکران، گەیشتنەوە ڕامەلڵا و کەناری ڕۆژئاوا.
ئیسرائیل ئەمڕۆ لەو 110 دیلەی فەڵەستین کە ئازادی کردن، لەنێوانیاندا زەکەریا زوبەیدی هەیە و یەک لە فەرماندە باڵاکانی کەتیبەکانی شەهیدانی ئەقسایە، یەکێکیش بووە لە هەڵهاتووانی بەندیخانەی جەلبوعە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناونرا(قارەمانانی ژێرزەمینی ئازادی).