بەغدا یەکێکە لە خراپترین شارەکانی جیهان لە ڕووی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی

لە نوێترین ڕاپۆرتی پێگەی نۆمبیۆی جیهان بۆ ئامار، کەرتی تەندروستیی عێراق بەتایبەت شاری بەغدا پلەی کۆتایی شارە گەورەکانی جیهانی گرتووە لە خراپی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ تاکەکان.
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی پێگەی نۆمبیۆی تایبەت بە ئامار لەسەر ئاستی جیهان، بەغدا یەکێکە لە خراپترین شارەکانی جیهان لە ڕووی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ تاکەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی نۆمبیۆ، شاری بەغدا لە کۆی 309 گەورە شاری جیهان لە ساڵی 2025، پلەی کۆتایی لە دابینکردنی چاودێریی تەندروستیی و خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی پەیوەست بە تەندروستیی تاک گرتووە.
لەبەرامبەردا شارەکانی، دۆحەی پایتەختی قەتەر، ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، مەنامەی پایتەختی بەحرەین لە بایەخدان بە تەندروستیی تاک پلەکانی پێشەوەیان لە ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی گرتووە.
هاوکات، بەگوێرەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق، ساڵانە تەنها 200 دۆلار بۆ چاودێریی تەندروستیی هەر تاکێکی عێراقی تەرخان دەکرێت، ئەمەش زۆر کەمە و بەش ناکات.
بەگوێرەی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق، سیستەمی تەندروستیی هی ساڵانی هەشتاکانە و هێشتا حکوومەت بەتەنیا چاودێریی تەندروستیی بۆ تاکەکان دابین دەکات، ئەمەش هەڵەیە و پێویستە پرۆسەکە بە هاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی بکرێت.
هاووڵاتیانی عێراق لە کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە ناڕازین، چونکە کێشەی کەمی نەخۆشخانە و داودەرمانیان هەیە، ئەمە لەگەڵ کەمی کارمەندی تەندروستیی و کۆنی باڵەخانەکان لە عێراق.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 450 نەخۆشخانە لە عێراق هەن، لەم ژمارەیە 250یان حکوومین، هەروەها 164 نەخۆشخانە گشتیین، 15 نەخۆشخانە تایبەتن بە منداڵان و 20 نەخۆشخانە تایبەتن بە منداڵبوون، ئەمە لەگەڵ 14 نەخۆشخانەی تایبەت بە ئافرەتان.