پزیشکێکی پسپۆر دیارترین نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک لە پیاوان ئاشکرا دەکات

پزیشکێکی پسپۆری نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت: پیاوان هاوشێوەی ئافرەتان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، بەڵام بە ڕێژەی کەمتر.
هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕێوان حوسێن، پزیشک و پسپۆری نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پیاوان هاوشێوەی ئافرەتان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، گوتیشی، زۆرینەری ئەو پیاوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵیەوەیە.
ئەو پزیشکە باس لە دیارترین نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک دەکات لە پیاواندا وەک:-
-هەبوونی گرێیەکی بێ ئازار یان ئەستووربوونی پێستی سەر مەمک.
- گۆڕانکاری لە پێستی سەر گۆی مەمک وەک سووربوونەوە و ڕووشان.
-گۆڕانی گۆی مەمک.
- خوێنبەربوون لە گۆی مەمک.
ڕێوان حوسێن، باسی لەوەشکرد، زیادبوونی تەمەن و قەڵەوی و نەخۆشییەکانی گون و هۆکاری بۆماوەیی و هەبوونی نەخۆشییەکانی جگەر، بەتایبەتی جۆری سیرۆسس، لەگەڵ چەندانی دیکە، هۆکاری سەرەکیین بۆ تووشبوونی پیاوان بە شیرپەنجەی مەمک.
ئەو پزیشکە دەشڵێت: شێرپەنجەی مەمک لە پیاواندا لە 1%ـی نەخۆشیەکانی شێر پەنجە پێکدەهێنێت، هەروەها بە چارەسەری پزیشکی خێرا دەتواندرێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بکرێت.