جنێڤ.. ئەو ڕاسپاردانەی ئاراستەی عێراق کراون بۆ پانۆرامای (UPR) پەسەند کران

لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ خولی 48ـەمین پانۆرامای خولی گشتگیری ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ (UPR) کۆتایی هات و ئەو ڕاسپاردانەی ئاراستەی عێراق کراون پەسەند کران.
هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، بە بەشداریی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکوومەتی هەرێم و خالید شوانی، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی و عەبدولکەریم هاشم، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە جنێڤ و نوێنەرانی دامودەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵیو حکوومەتی هەرێم، ئەو ڕاسپاردانەی ئاڕاستەی شاندی کۆماری عێراق کراون پەسەند کران، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو پێداچوونەوە بە ژمارەیەک ڕاسپاردە کرا.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 27ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ نوێنەرانی وڵاتان ڕاسپاردە و سەرنجەکانی خۆیان پێشکەش بە شاندی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم کرد، لە چەند ڕۆژی رابردوودا بە بەشداریی حکوومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لێژنەی ترۆیکا و پسپۆرانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بوون بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە ئاراستەی کۆماری عێراق کراون و دووبارە داڕشتنەوە و یەکخستنیان.
لە خولی (48)ـەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر (263) ڕاسپاردە لە بوارە جیاجیاکان ئاراستەی کۆماری عێراق کراون کە پێویستە لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆی بە قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەیان بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی لە خولی (49) پانۆرامای خولی گشتگیر کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
لێژنەی ترۆیکا لە نوێنەرانی چیلی، بۆرۆندی و دوورگەکانی مارشاڵ پێکهاتووە و بەرپرسە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی کۆماری عێراق.