گەورە بەرپرسێکی نزیک لە بەشار ئەسەد دەستگیر کرا

عاتف نەجیب
عاتف نەجیب

هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەستگیرکردنی گەورە بەرپرسێکی ڕژێمی ڕووخاوی سووریا و نزیک لە بەشار ئەسەدی ڕاگەیاند، کە پێشتر بەرپرسی لقی ئەمنی سیاسیی پارێزگای دەرعا بووە و یەکێکە لە داواکراوانی نێو لیستی ئەمەریکا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) لەسەر زاری موستەفا کەنیفاتی، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی پارێزگای لازقیەی ڕۆژئاوای سووریا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025، عاتف نەجیب، لە چوارچێوەی ئۆپه‌راسیۆنێکی تایبه‌تدا، عەمید عاتف نەجیب، کەسی نزیک لە بەشار ئەسەد و بەرپرسی لقی پێشووی ئەمنی سیاسیی پارێزگای دەرعایان دەستگیر کردووە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی لازقیە، ئەو تاونبارەیان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ ئەوەی سزای ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە خەڵکی سووریای کردووە، وەربگرێت.

هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، عاتف نەجیب کوڕە پووری بەشار ئەسەدە و یەکێکە لە بەرپرسە داواکراوەکانی ڕژێمی پێشووی سووریا لەلایەن ئەمەریکا.

ئاماژەشیداوە، ئەمە یەکێکە لە بەرپرسە گرنگەکانی ڕژێمی ڕووخاو لە دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024 دەستگیر بکرێت.

هاوکات ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە فرانس پرێسی گوتووە: بە بڕوای من ئەمە گرنگترین بەرپرسی ڕژێمی پێشووە دەستگیر کراوە، چونکە ڕەفتارەکانی ئەو بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی خەڵکی سوویا.

گوتیشی: لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان بەرپرسیار بووە لە دەستگیرکردنی منداڵان و بە سەرکوتکار و کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەران ناوبانگی دەرکردبوو.

ساڵی 2011 لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبی لە پارێزگای دەرعای باشووری سووریا خۆپیشاندان دژ بە ڕژێمی سووریا و دەسەڵاتی بەشاری ئەسەد دەستی پێ کرد، ئەو کات هێزەکانی ڕژێمی سووریا سەدان منداڵیان لە تەمەنە جیاوازەکان بە تۆمەت و تاوانی هەڵواسین دروشم و پۆستەری دژ بە حکوومەت ئاخنییە زیندان و بەشێکیان لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان سپارد.

هەرچەندە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان، عاتف نەجیبی تەمەنی 65 ساڵ لە پۆستەکەی دوور خرایەوە، بەڵام لە نیسانی 2011، ئەمەریکا بە تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، نەجیبی خستە لیستی سزادراوان و کەسانی داواکراو.

 
Fly Erbil Advertisment