دادگای سوید لەبارەی کوژرانی سەلوان مۆمیکا بڕیاری دا

دادگای سوید، ئەو پێنج کەسەی کە بە تۆمەتی کووشتنی سەلوان مۆمیکا دەستگیری کردبوون، ئازادی کردن و ڕایگەیاند: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ئەم هاووڵاتییانە تاوانەکەیان ئەنجام دابێت.
هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگای سوید، بڕیاری دا بە ئازادکردنی پێنج کەس کە بە تۆمەتی کووشتنی سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی، دەستگیر کرابوون.
ڕاسمس ئۆمان، داواکاری گشتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسلەمێنێت کە ئەو پێنج کەسە تاوانەکەیان ئەنجام دابێت، لەمەودوا هیچ هۆکارێک بۆ بەندکردنیان نییە و ئیدی ئازادن.
گوتیشی: لێکۆڵینەوەکان لەسەر کووشتنی پەنابەرە عێراقییەکە بەردەوامن. لای خۆیەوە ئۆلف کریستێرشۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕایگەیاند: پێم وایە هێزێکی دەرەکی لە پشت کووشتنی مۆمیکاوەیە.
29ـی کانوونی دووەمی 2025، سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی کە لە سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند، تەرمەکەی لە شووقەکەیدا دۆزرایەوە، هاوکات ماڵپەڕی "سوید 24" ئاماژەی بەوە کرد، مۆمیکا بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.
ڕۆژی چوارشەممە 28ـی 6ـی 2023 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، مۆمیکا لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆزی سووتاند. دواتر، سێ جاری دیکە ئەو کارەی دووبارە کردەوە. ئەم ڕەفتارەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی توڕەکرد و تەنانەت ئەورووپاشی نیگەران کرد، بەهۆیەوە لە عێراق هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی سوید و سووتێندرا و عێراق باڵیۆزی خۆی لە سوید کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەش کرد عێراق بەجێ بهێڵێت.
سەلوان، کە لەلایەن دادگاکانی عێراق داواکراوە و عێراق بە فەرمی داوای ڕادەستکردنەوەی لە سوید کردووە، پێشتر لە بەغدا ژیاوە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵانی 2016 و 2017 گرووپێکی چەکداریی بەناوی "کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان" و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراندووە.
ناوی تەواوەتی مۆمیکا "سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە" ڕۆژی 23-06-1986 لە شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوا لە دایک بووە و چەند ساڵێکە لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە.