ئانۆ جەوهەر: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ (FDD) باسمان لە چەند خاڵێکی گرنگ تایبەت بە هەرێمی کوردستان کرد

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرکردە و لێکۆڵەرەکانی دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان لە ئەمەریکا، کۆبووینەوە و جەختمان لە چەند خاڵێکی گرنگ کردەوە لەبارەی پێکەوەژیان و بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان.

هەینی 31ــی کانوونی دووەمی 2025، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە ئەمەریکا، لەگەڵ سەرکردە و لێکۆڵەرەکانی دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان (FDD)، کۆبووینەوە و جەختمان لە چەند خاڵێکی گرنگ کردەوە.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، گوتی: لە کۆبوونەوەکەمان باسمان لە گرنگی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی دەگمەنی دیموکراسی و پێکەوژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، هەروەها باسمان لە پاشگەزبوونەوەی لايەنە سیاسییەکانی عێراقی لە بەغدا لە بەڵێنەکانیان بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و جێبەجێنەکردنی 52 بڕگەی هەستیار لە دەستووری عێراق کرد.

لەبارەی تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکە، ئانۆ جەوهەر، دەڵێت: باسمان لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها باسمان لە نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەکە کرد لەلایەن بەغداوە.

هاوکات گوتیشی: باسمان لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە کردار و گوتار بۆ پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و بەرگریکردن لە بەهاکانی دیموکراسی و لێبووردن و پێکەوەژیان.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، جەختمان لە گرنگی ڕۆڵی ئەمەریکا و وڵاتانی دۆست لە فشار خستەنەسەر بەغدا بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان و پێدانی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment