دوای 24 ڕۆژ ئاگری دوو ناوچەی فراوانی لۆس ئەنجلس کۆنترۆڵ کرا

دوای نزیکەی مانگێک، ئاگرەکەی پالیسایدس و ئیتن، دوو  لە فراوانترین ناوچەی ئاگرگرتووی لۆس ئەنجلس، کۆنترۆڵ کرا.

شەممە 1ـی شووباتی 2025، بەڕێوبەرایەتیی بەشی ئاگرکوژێنەوە و پاراستنی دارستانی کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، دوای 24 ڕۆژ ، ئاگرەکەی پالیسایدس و ئیتن لە باشووری لۆس ئەنجلس لە کالیفۆرنیا بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا.

هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاگر کەوتنەوەکە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، کەشناسیی نیشتمانیی ئەمەریکا بڵاوی کردووتەوە "لە درەنگانی ڕۆژی شەممە، بارانی بەخوڕ لە شاری لۆس ئەنجلس باری، چاوەڕێ دەکرێت بارانەکە هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکات، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە."

پێشتر، کارۆل سمیس، کەشناسی ئەمەریکا، لە بارانەکە نیگەران بوو و ڕایگەیاند بوو "ئەگەر بارانێکی بەهێز لەو گردانە ببارێت کە سووتاون، ئەو دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو و ڕاماڵینی قوڕ و پاشماوەی سووتانی گردەکان بۆ نێو شارەکە."

لە بەرەبەیانی 7ـی کانوونی دووەمی 2025 ئاگرێک لە باشووری لۆس ئەنجلس دەستی پێ کرد بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەهێزیی با، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی کرد و نزیکەی 151 هەزار کیلۆمەتر دووجا سووتا کە نزیکەی 200 ملیار دۆلار زیانی هەبوو.

بەهۆی ئاگرەکەوە 18 هەزار بینا و خانوو ڕووخاون یان زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها 29 کەسیش گیانیان سپاردووە جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment