بەندەری ئوم قەسر.. ژمارەیەک پێداویستی پزیشکی دەستی بەسەردا گیرا

ژمارەیەک پێداویستی پزیشکی، کە هەوڵ دەدرا لە بەندەری ئوم قەسر بە قاچاغ داخڵی عێراق بکرێت دەستی بەسەردا گیرا.

شەممە 1ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی بەندەری ئوم قەسر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانرا دەست بەسەر کۆنتێنەرێک پێداویستی پزیشکی بگیرێت، کە پێداویستییە پزیشکییەکان شاردرابووەوە لە پشت ئامێری وەرزشی و یاری منداڵان و هەوڵ دەدرا بە قاچاغ داخڵی عێراق بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: ڕاپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتنەکە ئامادەکرا و کەرستە قاچاغەکان ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی خور عەبدوڵڵا کرا.

ڕۆژانە لە بەندەر و دەروازە سنوورییەکانی عێراق، هەزارەها کەلوپەل بە قاچاغ دەهێنرێنە نێو وڵاتەکە، بەشێک لەو کەلوپەلانە لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەپێی مێدیا عەرەبییەکان؛ بەشێکی دیکە لەو کەلوپەلانە بە هاوکاری کەسانی باڵادەست بە قاچاغ داخلی وڵاتەکە دەکرێن و لە بازاڕدا ساغ دەکرێنەوە.

هاوکات عێراق خاوەنی 6 دەروازەی دەریاییە، کۆی هاوردەکراو بەپێی دوا راپۆرت 15 ترلیۆن و 978 ملیار دینار بووە، بەشی هەرە زۆری ئەو بڕە کە 10 ترلیۆن و 330 ملیار دینارە لە دەروازەی ئوم قەسری باکوور هاوردەکراوە. کەمترین بڕی هاوردەیش لە ڕێگەی دەروازە ئاسمانییەکانەوە بووە کە بڕەکەی تەنیا 826 ملیار و 520 ملیۆن دینار  بووە.

بەراورد بە هاوردەکردن، هەناردەی عێراق بۆ وڵاتانی دیکەی لە کەمترین ئاستدایە، بەشێوەک قەبارەی هەناردە لە کۆی دەروازە سنوورییەکان 3 ترلیۆن دینارە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment