توێژینەوەیەک: ئافرەتان بەراورد بە پیاوان زیاتر قسە دەکەن

لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، کە ڕۆژانە ئافرەتان بەراورد بە پیاوان زیاتر قسە دەکەن، بەڵام جیاوازی نێوان دەربڕینەکانیان بە تێكڕا هەزار و 73 وشەیە.

شەممە 1ـی شوباتی 2025، ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی کردەوە، توێژەران توێژینەوەیەکیان لەسەر زیاتر لە 2 هەزار کەس کردووە بۆ ئەوەی بزانن ئایا پیاوان یاخود ئافرەتان زیاتر مەیلیان بۆ قسە کردن هەیە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە پیاوان بە تێکڕای ڕۆژانە 11 هەزار و 950 وشە لە زاریان دێتە دەرەوە.

لە بەرانبەردا ئافرەتان بە تێکڕای ڕۆژانە 13 هەزار و 349 وشە لە زاریان دێتە دەرەوە. هەر چەندە ئافرەتان زیاتر قسە دەکەن، بەڵام توێژەران ئاماژەیان بەوە کردەوە کە جیاوازییان لەگەڵ پیاواندا کەمترە لەوەی کە پێشتر بیری لێ دەکرایەوە.

هاوکات دەڵێن: دوو هەزار و 197 پیاو و ئافرەت کە بەشداریی توێژینەوەکەیان کردبوو ئامێری دەنگ تۆمارکردنیان پێدرا، بە مەبەستی زانینی تێکڕای ژمارەی وشەکانی ڕۆژانەی هەر یەکێکیان.

هەرچەندە توێژینەوەکە سەلماندی کە ئافرەتان لە پیاوان زیاتر قسە دەکەن، بەڵام بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکە جیاوازی نێوانیان بە تێکڕا تەنیا هەزار و 73 وشە بووە.

بە پێی ڕۆژنامەکە، توێژەران ئاماژەیان بە گۆڕانکارییەکی گەورە لەنێوان تاکەکاندا کردووە لە ڕێژەی قسەکردنی ڕۆژانەیاندا، دەرکەوتووە کەمترین بەشداریکردن لە قسەکردنی ڕۆژانە بە تێكڕا کەمترە لە 100 وشە، لە کاتێکدا زۆرترین قسەکردن گەیشتووەتە زیاتر لە 120 هەزار وشە.