ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە منبج تەقییەوە.. کوژراو و بریندار هەن

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری منبجی سووریا تەقییەوە و لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 15ـی دیکەش برینداربوون.
شەممە 1ـی شوباتی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە شاری منبج لە باکووری سووریا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە، بەو هۆیەوە 9 چەکداری گرووپەکان کە بە "سوپای نیشتمانی"ـی وڵاتەکە ناسراون، کوژران و 15ـی دیکەشیان برینداربوون.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە دا، تەقینەوەکە لە نزیک شوێنی سەربازیی ئەو گرووپە چەکدارانە لە شاری منبج ڕوویداوە، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراون هەیە بەهۆی سەختی برینی زۆرێک لە بریندارەکان.
منبج لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ڕۆژانە شاهێدی ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە.