50 منداڵی نەخۆشی غەززە لە دەروازەی ڕەفەح گوازرانەوە میسر

وەزارەتی تەندروستی سەر بە بزووتنەوەی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند: 50 نەخۆش کە زۆرینەیان منداڵن، لەگەڵ یاوەرەکانیان لەڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە گوازرانەوە میسر بۆ وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە.
شەممە 1ـی شوباتی 2025، دوای 9 مانگ لە داخستنی، دەروازەی سنووری ڕەفەح لەگەڵ میسر لەلایەن سووپای ئیسرائیل کرایەوە و لە یەکەم کارواندا، 50 منداڵ و نەخۆش لەگەڵ یاوەرەکانیان گوازرانەوە میسر بۆ وەرگرتنی چارەسەری، دەروازەکەش لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ حاڵەتە مرۆییە خێراکان بەشێوەیەکی تایبەت کراوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کاروانە ژمارەی یەکەمی نەخۆش و منداڵانی غەززەیە بە ڕەزامەندی ئیسرائیل دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات، دەشڵێت: داوا دەکەین هاوکارییەکان بەردەوام بن بۆ گواستنەوەی نەخۆش و بریندارەکانی دیکەش بۆ وڵاتانی دیکەی وەک قەتەر و تورکیا بۆ ئەوەی چارەسەرییان بۆ بکرێت.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، 6 هەزار نەخۆش و بریندار ئامادەن بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە و چارەسەرییان بۆ بکرێت، دەشڵێت: 12 هەزار نەخۆشی غەززە پێویستییان بە چارسەری بەپەلە هەیە لە دەرەوەی وڵات، لەبەر ئەوەی ناوەندە تەندروستییەکانی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە هەمووی وێران بوون.
ئەو کاروانەی ئەمڕۆی نەخۆش و منداڵانی غەززە لە نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس کۆکرانەوە و بە پاسێک کە ئەمبوڵانسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی یاوەریانی دەکرد، گەیەندرانە دەروازەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.
وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت: ئەو کاروانەی بە دەروازەی ڕەفەح چوونە میسر، پێکهاتبوو لە 30 منداڵ کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، لەگەڵ 19 ئافرەت و پیاوی بریندار و یاوەرەکانیان.