گوتەبێژی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی: ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەک دروستکرا

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای دەکات, ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەک دروستکراوە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ پێی وابوو ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی شاری وهانی چێنەوە هاتووە.
شەممە 1ـی شوباتی 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی بە میدیاکارانی گوت: ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەک دروستکرا.
کارۆلین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: چەند ساڵێک لەمەوبەر کە لە ئۆفیسی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بووم، سەرۆک ترەمپ هاتە بەردەم ڕۆژنامەنووسان و گەلی ئەمەریکای لە کۆڤێد 19 ئاگەدارکردەوە، دەڵێت: سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، گومانی ئەوەی هەیە کۆڤید 19 لە تاقیگەیەکی شاری وهانی چینەوە هاتبێت.
گوتەبێژی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی دەڵێت: ئەو کاتە بەشێکی زۆری ئامادەبووانی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە گاڵتەیان بە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرد و پێیان وابوو گومان بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئێستا دوای چەند ساڵێک، دەزانین سەرۆک ڕاستی کرد.
یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا 'سی ئای ئەی' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە 2019 لە وهانی چین بڵاوبووەوە و ملیۆنەها کەسی لە سەرانسەری جیهان کوشت، لە تاقیگەی ڤایرۆسی وهانی چین دزەی کردو بڵاوبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سی ئای ئەی ساڵانێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، زانیاری تەواویان لەبەردەستدا نییە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەکی ڤایرۆسی لە وهان دزەی کردبێت، یان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواسترابێتەوە.