گابریێل سۆما: کورد هاوپەیمان و هاوبەشێکی سەرەکیی ئەمەریکایە
ئهندامێکی دهستهی ڕاوێژكاریی سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ترەمپ تێدەگات لەوەی ئەمەریکا بەرژەوەندیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، هەرورەها پێداگیرە لە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریادا.
شەممە 1ـی شوباتی 2025، گابریێل سۆما، ئهندامی دهستهی ڕاوێژكاریی دۆناڵد ترەمپ، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرۆکی ئەمەریکا زۆر باش لەوە تێدەگات کە وڵاتەکە بەرژەوەندیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، زیاتر لە 2 هەزار سەربازی ئەمەریکی لە سووریادا هەن، نەوتی سووریا لە نێو پرسەکەدایە، چونکە ئەگەر هەیە ئەو نەوتە لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا بگیرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆی.
ئەو ئەندامەی دهستهی ڕاوێژكاریی دۆناڵد ترەمپ، گوتی: سەرۆکی ئەمەریکا پێداگیرە لەسەر مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکە لە سووریادا، ئێستا نزیکەی 12 هەزار ئەندامی داعش لە زیندانەکانی سووریا هەن، هەروەها زیاتر لە 2 هەزار و 400 خێزانی داعش لە کەمپەکان ماون، ڕوونە ئێستا ئەمەریکا نیازی کشانەوەی نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکا پێداگیرە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریا و تەواویی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەبارەی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا، سۆما دەڵێت: ترەمپ نایەوێت ئەمەریکا ڕۆڵیکی گەورەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا هەبێت، بەڵکو دەیەوێت دەسەڵاتدارانی سووریا گرنگی بە وڵاتی خۆیان بدەن و دەبێت ئەو سەرکردە نوێیانە مافی پێکهاتەکان لە وڵاتەکە بپارێزێت.
لەبارەی کورد، ئەو ئەندامەی دهستهی ڕاوێژكاریی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ نایەوێت مافی کورد لە سووریا پێشێل بکرێت، هەروەها کورد هاوپەیمانی ئەمەریکایە و بە هاوبەشی یەکتر ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، هەدوولا بۆ پاراستنی ناوچەکە بەردەوام دەبن و دەمێننەوە، هەروەها بوونی کورد زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ پاراستنی ئاسایشی زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سۆما، جەختی لەوە کردەوە، سەرەتا سیاسییەکانی عێراق داوای دەرچوونی هێزکانی ئەمەریکایان لە وڵاتەکە دەکرد، بەڵام ئێستا هەر ئەو سیاسییانە خۆیان هاتوون داوای مانەوەی ئەمەریکا دەکەن و دەڵێن؛ داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکە.
سۆما باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئەمەریکا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها ترەمپ کارکردن لەگەڵ کورد بەرز دەنرخێنێت.