بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تاوانەكانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا ماون

سەرەڕای نیگەرانییەكان لەبارەی لەناوبردنی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە تاوانەكانی رژێمەكەی ئەسەد لە سووریا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە چەندین بەڵگەی گرنگ دەكات كە ماون و دەستیان لێنەدراوە.
ھانی مەگالی، ئەندامی كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا دەڵێت، بەڵگەنامەکان بە ئەنقەست لەناوبردراون، بەڵام پێدەچێت هێشتا بەڵگەی زۆر هەبن کە بە پارێزراوی ماونەتەوە.
پێشتر ڕێگە بە لێكۆڵەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان نەدەدرا بچنە سووریا، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد تیمەكانیان چوونە ئەو وڵاتە و بە شێوەیەكی مەیدانی كارەكانیان دەستپێكرد، مەگالی یەكێكە لە ئەندامانی كۆمیسیۆنەكە و ڕایگەیاند، لە سەردانەكانیان بۆ زیندانەكان و باڵەخانەی دامەزراوەکان لەوانەی زیندانی سیدنایا ئاماژەی ڕوون لە سووتاندن و لەناوبردنی بەڵگەنامەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەسەدەوە بەدیكراون، دەشڵێت، ھەر لەو شوێنانە چەندین بەڵگەنامەیان دۆزیوەتەوە كە دەستیان لێنەدراوە و سەلامەتن.
زانیارییەكانی كۆمیسیۆنی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا لەكاتێكدایە، رۆژی 17ی كانوونی دووەمی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، شاندێکی دادگەی نێودەوڵەتی تاوان سەردانی دیمەشقی کرد كە ئامانج لێی گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەوەی چۆن دادگەکە دەتوانێت هاوکاریی هەوڵەکانی دامودەزگەکانی سووریا بکات بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانانەی گومان دەکرێت لە وڵاتەکەدا کرابن.
دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع سەرکردایەتی ئەو هاوپەیمانییەی کرد کە لە 8ی کانوونی یەکەم ڕژێمەكەی ئەسەدی ڕووخاند، ئەوەش زیاتر لە 13 ساڵ دوای ئەوەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی ئەسەد بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و زیاتر لە 500 هەزار کەس تێیدا کوژران، لە ماوەی شەڕەکەدا دەیان هەزار کەس لە زیندانەکانی وڵاتەکە دەستگیرکران و ئەشکەنجە دران، هەروەها ئەسەد تۆمەتبار دەکرێت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەوانە گازی قەدەخەکراوی سارین دژی خەڵکی.