چین ناڕەزایی لە باجەکانی ئەمەریکا دەردەبڕێت

تچین ناڕەزایی توندی خۆی بەرامبەر بە باجەکانی ئەمەریکا لەسەر هاوردەکردنی کەلوپەلی چین دەربڕی.
وەزارەتی بازرگانی چین دەڵێت: چین ناڕەزایی توند لەمە دەردەبڕێت.
ئاماژەی بەوەش کرد "لایەنی چینی داوا لە ئەمەریکا دەکات، کردەوە هەڵەکانی خۆی ڕاست بکاتەوە و لەسەر بنەماکانی یەکسانی و قازانجی یەکتر و ڕێزگرتنی یەکتر مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکات و گفتوگۆی ڕاشکاوانە بکات."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، فەرمانی جێبەجێکردنی باجی لەسەر کەلوپەلەکانی کەنەدا و مەکسیک و چین، ئیمزا کرد . ئەمەریکا 25%ی باجی لەسەر ئەو کاڵایانە سەپاند کە لە مەکسیک و کەنەدا هاوردە دەکرێن، هەروەها 10% لەسەر ئەو کاڵایانەی لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
لە بەرانبەردا جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیری کەنەدا ڕایگەیاند "دەستبەجێ و بە توندی وەڵاممان دەبێت، ئەگەر ئەمەریکا باجەکان بسەپێنێت."
هەروەها سەرۆک وەزیرانی کەنەدا هۆشداریی دایە هاووڵاتیانی و گوتی: بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی کاتێکی سەخت ببنەوە.