سەرۆکی نوێی سووریا ئەمڕۆ دەچێتە سعوودیە

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی شوباتی 2025، بە سەردانێک بچێتە سعوودیە، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمیی شەرع دەبێت بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.
بە گوێرەی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع لەم سەردانەیدا هەوڵی بە دەستهێنانی پشتیوانیی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی دەدات، بە تایبەت دوای سەردانەکەی فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ دیمەشق لە 24ی مانگی ڕابردوو، کە بەڵێنی داوە لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی سزا و گەمارۆکانی سەر سووریا هەڵبگرن تاکوو بتوانن ژێرخانی ئابووریی سووریا بنیاد بنێنەوە.
ئەحمەد شەرع، دوای وەرگرتنی بەرپرسارێتیی سەرۆکایەتیی قۆناغی ڕاگوزەر لە سووریا، ئێوارەی پێنجشەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2025،لە یەکەم گوتاریدا ڕایگەیاند، لەگەڵ پسپۆرانی یاسایی گفتوگۆ بۆ حکوومەتێکی بنکە فراوان دەکات کە سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا تێیدا بەشدار بن و وڵاتەکەیان بنیاد دەنێنەوە.