میدیاکانی تورکیا: بەم زووانە ئۆجەلان داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات

بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، بەم زووانە عەبدوڵلا ئۆجەلان، داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات. نووسەرێکی دیاری تورکیاش دەڵێت: تورکیا دەیەوێت بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پەکەکە بە مەبەستی چەکدانان، بەهێز و ڕوون بێت، تاوەکوو هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن.
چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە بۆ جاری سێیەم، شاندی پارتی دیموکراسی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ ببنەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاماژەی بەوە دەدەن، چاوەڕێ دەکرێت لە دوای کۆبوونەوەکە، ئۆجەلان داوا لە چەکدارانی پەکەکە بکات چەکەکانیان دابنێن، بەڵام ئەوەی تاوەکوو ئێستە ڕوون و دیار نییە، ئۆجەلان لە بەرانبەر چی ئەو داوایە دەکات و ناشزانرێت، هەڵوێستی چەکدارانی پەکەکە بەرانبەر بانگەوازی ڕێبەرە زیندانیکراوەکەیان چۆن دەبێت.
ئیلیدرای ئوگوور، نووسەری دیاری تورکیا دەڵێت: دەبێت بپرسین، ئایا ئێران بژاردەیەکی بەهێزە بۆ پەکەکە؟ لە سەردەمێکدا کە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لاواز دەبێت و لە زۆر وڵات کشاوەتەوە. بۆیە ئێران بۆ پەکەکە بژاردەیەکی باش نییە. هەرچەندە ئەمەریکا هاوپەیمانە، بەڵام یەپەگە لە دژی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە بەکار ناهێنێت. بۆیە هیچ جێگرەوەیەکی بەهێز لەبەردەم پەکەکەدا نییە. پەکەکە لە سیاسەتی 50 ساڵەی خۆیدا گیری خواردووە و ناتوانێ ڕێگەی نوێ بدۆزێتەوە. بۆیە ئەگەر هەیە، پەکەکە وەڵامێکی ڕوون بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەداتەوە. بەڵام پەکەکە دەبێت گوێ لە ئۆجەلان بگرێت و ئەم دەرفەتە باشە بۆ ئاشتی لەدەست نەدات. ئەگەر ئەو دەرفەتە لەدەست بدرێت، ڕەنگە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە."
بە گوتەی چاودێران، تاوەکوو ئۆجەلان بانگەوازێکی ڕوون و بەهێز بۆ دانانی چەک ئاراستەی چەکدارانی پەکەکە بکات و ئەوانیش وەڵامی بدەنەوە، پێویستە سەرەتا زەمینەی ئاشتیی بۆ برەخسێنڕێت.
پرۆفیسۆر مەسعود یەگەن، چاودێریی سیاسی ئاماژە بەوە دەدات "تا ئێستە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان تورکیا، ئەمەریکا، هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق نەکراوە. تا ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت، ئۆجەلان ناتوانێت داوای چەکدانان لە پەکەکە بکات. ئەگەر بانگەوازەکەش بکات، ئەستەمە پەکەکە گوێ لە بانگەوازەکەی بگرێت. هەرچەند ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەم دواییە وا نیشان دەدەن کە ڕێککەوتنەکە نزیکە، چونکە ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر لایەنەکان بۆ ئەوەی ڕێکبکەوتن و ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانیش لەیەکتر نزیک ببنەوە."