جەمال کۆچەر:پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بوودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنێرێت

جەمال کۆچەر
جەمال کۆچەر

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەرلەمان بە ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی گوتووە، ئەگەر هەموواری یاساکە تێپەڕێنن، کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات، بۆیە پێویستە ئێستا سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات، دەشڵێت: هەموواری بوودجە خزمەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە ڕووی ئەوەی 7 کێشە  چارە دەکات، بەشێوەیەک کێشەی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی فەرمانبەران، کێشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی ئۆپێک، هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری تورکیا، زیادکردنی داهاتی دەوڵەتی فیدراڵی، کردنەوەی دەرگایەکی دیکە بۆ عێراق لە ئەگەری لێدانی فاو لەلایەن ئیسرائیلەوە، چارەسەر دەکات.

یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم دەقەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بوو، هەمان ئەو بڕگەیە کە پێشتر لە حکوومەتی عێراقییەوە هاتووە و لە دوو بڕگە پێک دێت، بڕگەی یەکەم باسی بڕی 16 دۆلار دەکات بۆ تێچووی  وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تاکوو لێژنەیەکی هونەری ڕاوێژکاری خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بکات لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بڕگەی دووەمیش باسی ئەوە دەکات، ئەگەر هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەو لێژنەیە بۆ ئەوەی کارەکە جێبەجێ بکات، ئەوکات بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی هەیە لایەنێک دیاریی بکات و هەژماری ئەوە بکات کە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم چەندە، ئەو دەقەش خزمەتی هەرێمی کوردستان زۆر دەکات لە ڕووی ئەوەی 7 کێشە بۆ هەرێمی کوردستان چارە دەکات، بەشێوەیەک کێشەی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی فەرمانبەران، کێشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی ئۆپێک، هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری تورکیا، زیادکردنی داهاتی دەوڵەتی فیدراڵی، کردنەوەی دەرگایەکی دیکە بۆ عێراق لە ئەگەری لێدانی فاو لەلایەن ئیسرائیلەوە، چارەسەر دەکات.

جەمال کۆچەر گوتی: پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ بابەت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ یەکلایی بکاتەوە و ڕادەستی بەغدای بکات، ئەویش نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی ناوخۆییە، کە هەریەک لەوانە داهاتێکی ڕێژەییان هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان بڕێکی دیاری کراوی نەوتی هەیە، داهاتێکی دیاری کراوی ناوخۆیی هەیە، 50 لەسەدیش داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەیە، ئەگەر هەر سێ ئەو داهاتە ڕادەستی بەغدا بکرێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بوودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بنێرێت.

دەشڵێت: وشەیەک هەیە لە بودجەی عێراقدا پێویستە ئێمەی کورد لە بەغدا قەبوڵی نەکەین و لای بدەین ئەویش(خەرجی ڕاستەقینە)یە، ڕێگە نەدەین کە بێتە نێو بوودجەی ساڵی 2025،  چونکە هەرێمی کوردستان بووەتە دەستەمۆی جێبەجێ نەکردنی پرۆژەکان، کاریگەریی زۆری  لە هەرێمی کوردستان کردووە.

جەمال کۆچەر ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەرلەمان بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی گوتووە، ئەو هەموواری یاسای بوودجەیە تێپەڕینن، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەکەم، پێویستە سەرۆک وەزیران ئێستا ئەو بەڵێنەی خۆی جێبەجێ بکات و پرسی مووچە لە هەموو ململانێ سیاسییەکان دوور بخاتەوە.

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.