ئەڵمانیا..وەزارەتی شەهیدان داوا دەکات قوربانیانی کوردی جینۆسایدکراو قەرەبوو بکرێنەوە

شاندێکی وەزارەتی شەهیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیایی نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگی ئەڵمانیا داوا دەکەن، گوشاری یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کورد لەسەر دەوڵەتی عێراق دروستبکرێت.
شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە کامەران عەبدولڵا و محەمەد خدر ڕاوێژکارانی وەزارەتەکە و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەدیب لەتیف و سیروان عەزیز و کەریم کاوە رایەتی، لەگەڵ سەرۆکی سەنتەری کەی جی لۆبی، ئاورینگ شاوەیس، لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیای ناوبراو لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی شەهیدان، کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مێژوویی دادگای سەرانی نازی لە نۆرنبێرگ بەڕێوەچوو، دوای چەندین دیدار و کۆبوونەوە دێت کە وەزارەتی شەهیدان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی شەهیدان بۆ ناساندنی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ئەکادیمیایی ناوبراو دایمەزراندووە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، شاندی وەزارەتی شەهیدان دوو داوای ئاراستەی سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ کرد، یەکەمیان بریتی بوو لە هاوکاری کردنی وەزارەتی شەهیدان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی گوشاری یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کوردی جینۆسایدکراو لەلایەن دەوڵەتی عێراق.
سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر داواکانی وەزارەتی شەهیدان، سەرۆکی( کەی جی لۆبی سەنتەر) پرسی دوبارە ڕوودانەوەی جینۆسایدی دژ بە کورد ورووژاند و رەشنووسێکی بۆ دیداری چاوەڕوانکراوی ئەکادیمیا لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد پێشکەش بە سەرۆکی ئەکادیمیاکە کرد.
سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ، پڕۆفیسۆر کریستۆف زافەرلینگ، تێگەیشتنێکی ڕوونی لەگەڵ داواکانی شاندەکە پیشاندا و بەڵێنیدا لە ئاییندەیەکی نزیکدا کار لەسەر داواکارییەکان بکات.