پێشەوا هەورامانی: چەند کەسێک لەناو مانگرتووانی سلێمانی ڕەنگی سەرکردە بێزراوەکانی میلیشیا عێراقییەکانیان گرتووە

پێشەوا هەورامانی
پێشەوا هەورامانی

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: چەند ڕووخسارێک لەنێو مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانیدا هێندە باوەشیان کردووە بە کۆمەڵێک سەرکردەی بێزراوی میلیشیا عێراقییەکان، ڕەنگی ئەوانیان گرتووە.

یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفراسێكی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: بەشێك لەو مانگرتووانەی سلێمانی لە ڕابردوو خۆپێشاندانیان بۆ ئەوە دەكرد ئێمە بچین لە بەغدا مووچە وەربگرین و ئێستا هەندێك كەس لەناو مانگرتوواندان زۆرتر باوەشیان بە میلیشیاكانی عێراق كردووە، لەوەی داوای مافی مامۆستایان بكەن و خەڵكی كوردستان دەزانێت ئامانجەكەیان چییە. 

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: دەستی مامۆستایان ماچ دەکەم و ئێمە ڕۆژانێک لەسەر دەستی ئەوانەوە فێربووین، گوتی: چەند کەسێک، نەوەک مامۆستایان، زۆر بە ڕوونی دیارن بۆچی ئەم کارە دەکەن و بۆ کێی دەکەن، بۆیە لەلای ئێمە و خەڵکی کوردستانیش نیازیان دیارە، ئەوانەشی کە بەناوی پشتگیری و پاڵپشتی، لایەنە سیاسییەکان دەستوەردەدەنە ئەو پرسە بۆ لێدان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەچن خۆیان لەوێ نیشان دەدەن و لێدوان دەدەن، ئەکاتەی دەگەنە ڕۆژی هەق و حیسابیش، کەسیان لە گۆڕەپانەکە نین بێنە بەردەم شاندی باڵا و  شاندەکانی فیدراڵ داوای  مافی مووچە خۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن.