ڤیان سەبری: یاسای زیاتر بۆ بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەکەین

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دەنگدان لەسەر هەموواری یاسای بوودجە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: یاسای زیاتر بۆ خزمەتی زیاتری خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەکەین.
یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی لەبارەی دەنگدان لەسەر هەموواری پرۆژە یاسای بوودجە لە پەرلەمانی عێراق بڵاو کردووەتەوە و تێیدا، بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
ڤیان سەبری دەڵێت: دەنگدان لەسەر هەمووارەکە، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەهێز دەکات، بەهێزبوونی پەیوەندییەکانیش خزمەت بە کەرتی نەوت و بەرزکردنەوەی داهاتەکانی فیدراڵی دەکات لەگەڵ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە گەنجینەی فیدراڵی.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لەڕێگەی لێژنەیەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی تایبەتمەند، تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وبەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان دیاری دەکرێت و لەڕێگەی سۆمۆوە و بەندەری جیهانەوە هەناردە دەکرێت.
ڤیان سەبری سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و ئەندامانی لێژنەی دارایی دەکات بۆ پشتیوانیان لە تێپەڕکردنی یاساکە، دەشڵێت: هەماهەنگی بەرزی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، بەدوای دەستکەوت و تێگەیشتن و یاسای نوێوە دەبین بۆ خزمەتی باڵای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان.