ترەمپ: هاوکاریی دارایی باشووری ئەفریقا دەبڕێت

دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، بودجەی باشووری ئەفریقا دەبڕم تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی  هەڵسوکەوتی خراپی حکوومەت لەگەڵ بەشێکی دیاریکراوی هاووڵاتیان دەکات.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس" نووسیویەتی: ئەفریقای باشوور دەست بەسەر زەویی بەشێکی دیاریکراوی هاووڵاتییاندا دەگرێت و زۆر خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

دەشڵێت: دۆخێکی خراپی هەیە و  میدیای چەپڕەو نایەوێت باسی بکات.

گوتیشی: پێشێلکاری گەورەی مافەکانی مرۆڤ، کە بە ئاشکرا دەکرێت، بەشێکی بچووکی ئەو سیاسەتە نەگونجاوەی ئەفریقای باشوورە؛ ئەمەریکا بەرگەی ئەم بابەتە ناگرێت، هەر بۆیە هەموو ئەو پارەیەی بۆی دابین کراوە، دەبڕین، تا لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەسەر ئەم دۆخە دەکرێت.

پێشتر سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور، پڕۆژە یاسایەکی ئیمزا کرد، ڕێگە بە حکوومەت دەدات دەست بەسەر هەندێ زەویدا بگرێت بەبێ ئەوەی قەرەبووی خاوەنەکانیان بکاتەوە.

زۆرینەی ڕەشپێستی وڵاتەکە دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە سیاسەتی پاکتاوکردن، تەنیا بەشێکی کەم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بۆ ماوەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکە، زۆربەی خاوەنزەویەکانیش بەشێکن لە کەمینە سپیپێستەکان.

یاسا نوێیەکە تەنیا لەو هەلومەرجەدا ڕێگە بە زەوتکردنی زەوی دەدات بەبێ قەرەبووکردنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment