ماکرۆن: دەبێت ئەورووپا بەهێزیی خۆی بەرانبەر ترەمپ دەربخات

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، دەبێت کاردانەوەمان بەرانبەر بڕیارەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی باج بەسەر یەکێتیی ئەورووپا دا هەبێت.
دووشەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا، لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ،بۆ سەپاندنی باج بەسەر یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند "ئەگەر باجەکانی ترەمپ هاوەردەکانی ئەورووپای گرتەوە، ئەوە دەبێت ئەورووپا لەو بارەیەوە بەهێزیی خۆی پیشان بدات."
ئیمانوێل ماکرۆن هەروەها گوتیشی: بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو شەڕە گومرگییە، دەبێت بەیکەوە بمێنینەوە و کاردانەوەمان بەرانبەر بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر یەکێتیی ئەورووپادا هەبێت."
هەروەها پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لەو بارەیەوە گوتی: شەڕی گومرگیی نێوان ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا سوود بۆ هیچ لایەک نابێت، بەڵکوو زیان بە هەردوولا دەگەینێت، چونکە پەیوەندیی ئابووریی بەهێز و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوانماندا هەیە.
هاوکات، کارلۆس کوێرپۆ، وەزیری ئابووریی ئیسپانیا جەختی کردەوە "یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی بازاڕەکانی دەبێت بە شێویەکی یەکگرتوو وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی باج بدەنەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای شەڕی گومرگیی ئەمەریکا لەگەڵ کەنەدا، مەکسیک و چین، ئەمڕۆ دووشەممە، بازاڕی بۆرسەی ئەورووپا لەگەڵ کردنەوەیدا دابەزیوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاندبوو کە ڕەنگە ئەو باجانە یەکێتیی ئەورووپاش بگرنەوە.