بنکەیەکی قورئانی پیرۆز لەنێو چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر ڕایگەیاند: دوو هەفتە جارێک لە ڕێگای مامۆستایانی ئایینیەوە وتاری ئایینی بۆ بەنداکراوان پێشکەش دەکرێت.
دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، تەیب عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوو هەفتەجارێک لە ڕێگایی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستانەوە، مامۆستایەکی ئایینی دێتە نێو چاکسازی وتاری ئایینی دەخوێنێتەوە، ئامانجی ئێمەش هۆشیارکردنەوەی بەندکراوانە لەڕێگایی مامۆستایانی ئایینیەوە.
تەیب عەبدولعەزیز گوتیشی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر، بۆ یەکەمین جار بنکەی قورئانی پیرۆز لەنێو چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر دەکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد: ئەو هەرزەکارانەی لێرە ئازاد دەکرێن، دوای دەرچوونیان تاوەکو شەش مانگ لەلایەن هۆبەی چاودێری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چاودێری دەکرێن.