پێشەوا هەورامانی: داوا له مامۆستایانی ناڕازی ده‌كه‌ین کەس له‌سه‌ر حیسابی خۆیان نەکەنە پاڵه‌وان

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، مامۆستایان نازیان له‌سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و شایانی ئه‌وه‌ن ده‌ستیان ماچ بكرێت.
دووشه‌ممه، 3ـی شوباتی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24ـی گوت: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕی مامۆستایانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ كردووه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان و ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌تی فیدراڵه.
پێشەوا هەورامانی داوای له مامۆستایانی ناڕازی كرد ڕێگه به هه‌ندێك كه‌س نه‌ده‌ن له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وان خۆیان بكه‌نه پاڵه‌وان و كه‌سانێك بخزێنه ناو خێمه‌كانیان
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، چه‌ند مامۆستایه‌ك له‌وانه‌ی مانیان گرتووه "كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كانی كهتائیبهكانن كه درۆنیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه" و خۆیان خزاندووه‌ته ناو خێمه‌ی مانگرتووه‌كان.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، ئه‌و كاندیده دهرنهچووانهی كهتائیبهكان "هه‌واڵگری" سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات و كۆمه‌ڵێك توانا و میكانیزمی مێدیاییان له به‌رده‌ستدایه و دۆخه‌كه ده‌شێوێنن و زۆر به باشی ده‌توانن ئاراسته‌ی قسه بگۆڕن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌و ڕۆژه‌ی پابه‌ندییه‌كانی به‌رانبه‌ر به مامۆستایان له‌سه‌ر بوو، ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ كردووه، به‌ڵام حكوومه‌تی فیدراڵ پابه‌ندیی پابه‌ندییه‌كان نه‌بووه. ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێزی له مامۆستایان گرت كاتێك داوایان كرد هه‌موو شت ڕاده‌ستی به‌غدا بكرێت له به‌رانبه‌ردا مووچه‌كانیان بۆ بنێرێت، به‌ڵام به‌شێكیان به‌مه‌ش ڕازی نین و ئامانجیانه قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت.