شارەزایەکی بواری کەشناسی: گەردەلوولی باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی دەڵێت: ڕۆژانی چوارشەممەو پێنج شەممە و هەینی گەردەلوولی باران ڕوو لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان وبەشێک لەناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق دەکات.
شارەزاکەی کەشناسی دەڵێت: شەپۆلێکی بەفر و بارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کەشێکی تەڕی باراناوی ڕوولە ناوچەکەمان دەکات، زەوییە کشتوکاڵییە دێمەکارەکان تێر ئاودەبێت، مه ترسی لەناوچوون و وشکەڵی کەمدەبێتەوە، ڕێژەی ئاوی ڕووبار و کانیاوەکانی هەرێم زیادەکات، دەشڵێت: لەناوچە شاخاوییەکانی هەرێم بەفر بارینی چڕ دەستپێدەکاتەوە پێشبینی بەفر بارینی زۆر دەکرێت کە زیاترە لە شەپۆلەکەی( 20 / 1/ 2025)
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ئاشکرای کرد، سەرەتای بارانبارین بە نمە بارانێکی لاواز دەستپێدەکات، لە ڕۆژی چوارشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری بارستە هەوایەکی زۆر سارد و شێدار لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنج شەممەش، کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت، شەپۆلێکی بارانی سەرتاسەری دەستپێدەکات، بەفر و بارانبارینی دێمی سەرجەم ناوچه جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان( دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و موسڵ و هەولێر و ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر، شەمامک و گوێڕ و دیبەگە و کەندیناوە و قەراج و مەخمور و سەرگەڕان و تەواوی پارێزگای کەرکوک وگەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و سۆران و کۆیە و دەوربەری) دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت باران لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببارێت .
دەشڵێت: بڕی بارانبارین بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت، بەپلەیەک پێشبینی دەکرێت لەناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند بۆبارانی بەخۆڕ بیانگرێتەوە، دهۆک و سۆران و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و سلێمانی و کۆیە و دەوروبەری زۆرترین باران ببارێت، لەهەندێ ناوچە دەگاتە (30 - 40)ملیم لەهەندێ ناوچە ڕێژەکەی لەوەش زیاتر دەبێت .
هەروەها دەڵێت، لەناوچەکانی دەشتاییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەشتی قەراج و کەندیناوە و شەمامک و گوێڕ و دیبەگە و سەرگەڕان وکەرکوک و ئیدارەی گەرمیان، بەپلەدوو ئەگەری نمە باران بۆبارانی مامناوەند هەیە، لەهەندێ کات دەگۆڕێت بۆبارانی بەخوڕ، پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لەوناوچانە لەنێوان (20 - 25 )ملیم بێت.