پرسی کورد لە سووریا خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان شەرع و ئەردۆغان دەبێت

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 4 ی شوباتی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا لەسەر بانگهێشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بچێتە ئەنقەرە، بە بۆچوونی چاودێران، پرسی کورد و ئاسایشی سنوور ناواخنی گفتوگۆکانی شەرع و بەرپرسانی باڵای تورکیا دەبێت.

تورکیا و سووریا بە درێژایی زیاتر لە 900 کیلۆمەتر هاوسنوورن، کە بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دایە، کە تورکیا بە بەشێک یان پاشکۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناویان دەبات، هەرچەندە لە دوا چاوپێکەوتنیدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشەیتدپرێس ڕایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییەکیان بە پەکەکە و ئەو شەڕەشەوە نییە کە لەگەڵ تورکیا هەیە.

بە گوتەی چاودێران، تورکیا فشارەکانی لەسەر ئەحمەد شەرع چڕتر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە بنیادنانەوەی سووریای نوێدا هاوکار و پشتیوانیی دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە بکەن، بەڵام بە مەرجی پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و چەکداماڵینی هێزە کوردییەکان.

ئاژانسی فرانس پرێس، لەم بارەوە قسەی لەگەڵ حەمید بۆزئەرسلان، شارەزا لە پرسی کورد کردووە کە لە پاریس نیشتەجێیە و دەڵێت: ئەردۆغان نایەوێت قەوارەیەکی کوردی لە سووریا هەبێت.

دەشڵێت: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا سەرەڕای فشارەکان، دەزانێت چۆن هەنگاو بنێت و بە پێویستی دەزانێت لەگەڵ ڕێکخستنە کوردییەکان دانووستان بکات، ئەمەش لە پێناو ڕێکخستنەوەی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتەکەی.

هەروەها گۆنول تۆل، سەرۆکی پرۆگرامی خوێندنی تورکی لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت:  بژاردەی یەکەم ئەوەیە کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە چارە بکرێن، بەڵام لە هەندێک کاتدا، دەبێت هەڵوێست وەربگرن، چونکە ناکرێت ناوچەیەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دیمەشق هەبێت."

گۆنول تۆل گوتیشی: دۆخەکە هەرچییەک وهەر چۆنێک بێت، دواجار زۆربەی گۆڕانەکان پەیوەستن بە هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکایەتیی دەکات.

ڕۆژی دووشەممە، 3ـی سوباتی 2025، فەخرەدین ئاڵتوون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی نوێی سووریا دەگاتە ئەنقەرە.

هەروەها ئاماژەی داوە، سەردانەکەی شەرع لەسەر بانگهێشتنامەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە و دوا پێشهاتەکانی سووریا لە هەموو ڕەهەندێکەوە تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەت بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و سەقامگیریی و ئاسایشی سووریا.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاڵتون ڕایگەیاندووە، لە دیداری ئەردۆغان و شەرع، جەخت لەسەر پشتیوانییەکانی تورکیا بە حکوومەتی ڕاگوزەر و گەلی سووریا دەکرێتەوە.

ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ تورکیا و دووەمین سەردان بۆ دەرەوەی وڵات لەوەتەی بە سەرۆکی نوێی سووریا دانراوە.